وتەی ڕێکخەر

پێشانگای (ون.بوون) بانگهێشتمان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەزموونی بەهێز و ئازاراوی لەدەستدان و ئەو نادڵنیاییەی کە لەگەڵیدا دێت.

لە ڕێگەی کاری وێنەگر شەماڵ حیسامەدین و هونەرمەندی دەنگ هەردی کوردە، ئەم پێشانگایە تیشک دەخاتە سەر چیرۆکە کەسی و کۆمەڵی ئەو خێزانانەی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئاوارەیی، ململانێ و گەڕانی بەردەوام بۆ خۆشەویستانیان.

وێنەکانی شەماڵ حیسامەدین ڕاستییە دڵتەزێنەکانی خێزانەکانی شارۆچکەکانی ناوچەی دەروازەی شۆڕش تۆمار دەکات. زۆرێک لە دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەڵاتوون بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر، خێزانەکانیان بە بێدەنگییەکی ئازاراوی بەجێهێشتووە لە کاتێکدا چارەنووسیان نادیارە. لە دەرەوەی ڕووخساری ئەم خێزانانە، ئەم وێنانە قورسایی تاسە و خەمەکانیان و ئەو پرسیارە چارەسەرنەکراوانە دەگرێتەوە کە مێشکیان ئاڵۆز کردووە. هەر وێنەیەک شایەتێکی بێدەنگە بۆ خۆڕاگری ئەو کەسانەی کە لە سێبەری لەدەستداندا دەژین. ئەندامانی خێزان لەگەڵ ئەو شتانە دەژین کە خۆشەویستەکانیان بەجێیان هێشتووە، ئەوانەی لە ڕێگای دژوار و ناخۆشدا ون بوون کە هیوایان وابوو بیانگەیەنێتە دەرفەت.

هاوتەریب لەگەڵ وێنەکانی شەماڵ، دامەزراوەی دەنگی هەردی سەردانکەران دەبات بۆ گەشتێکی تایبەتی خەم، دەربڕین و یادەوەری. شوێنی پێشانگاکە دیوارێکی شەفافی تێدایە کە تەلەفۆنی لەسەر دانراوە و سەردانکەران بانگهێشت دەکرێن بۆ هاوبەشیکردنی یادەوەری، تێڕامان و هەستەکانی لەدەستدانیان. ئەم پەیام و شایەتییە کەسییانە لە ڕێگەی وێستگەیەکی ڕادیۆی بچووکەوە پەخش دەکرێن، کە ڕێگە بە کەسانی تر دەدات گوێ لە چیرۆکەکان، خەمەکان و پرۆسەی چاکبوونەوە بگرن کە هەموومان پێکەوە دەبەستێتەوە. ڕادیۆکە دەبێتە شوێنێکی هاوبەش بۆ گوێگرتن و پەیوەندیکردن، کە ڕێگە بە سەردانکەران دەدات بەشداری لە ئەزموونی یەکتر بکەن و تێڕامان لە ئەزموونی خۆیان بکەن.

ڕادیۆ شتێکی تایبەتە بۆ هەردی کوردە، کە وەک هێڵێکی ژیان خزمەتی کردووە لە کۆچکردنی خۆیدا.

ڕادیۆ شتێکی تایبەتە بۆ هەردی کوردە، کە وەک هێڵێکی ژیان خزمەتی کردووە لە کۆچکردنی خۆیدا. کاتێک لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کوردستانی بەجێهێشت بەرەو ئەوروپا، لەو کاتەدا کە ئەو کەسانەی ئەم ڕێگا مەترسیدارانەیان دەگرتەبەر ڕێگەیان پێنەدەدرا مۆبایل یان کەلوپەلی کەسی هەڵبگرن، ڕادیۆ بوو بە ئامرازێکی گرنگ بۆ شوێنکەوتنی پێشکەوتنەکەی – شوێنی خۆی دەناسییەوە بە ناسینەوەی ئەو زمانانەی کە پەخش دەکران. بەستنەوەی ڕادیۆ بەم وێنانەوە گەشتە مەترسیدارەکە لەو دیوی گێڕانەوەکانی ناو پێشانگاکە ئاشکرا دەکات.

ئەم پێشانگایە، کە لە پارکی گشتی ڕانیە دانراوە، تەنها پەیوەندی بە بینینی چیرۆکەکانی لەدەستدانەوە نییە – پەیوەندی بە ڕێڕەوکردنی بەکۆمەڵی ناوچە دژوارەکانی خەمەوە هەیە. پەیوەندی بە کرداری هاوبەشیکردن، گوێگرتن و چارەسەرکردنی لەدەستدان بەیەکەوە هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە هێشتا زۆر خێزان بە سنوور و نائارامی لێک جیاکراونەتەوە. هەموومان وەکو کۆمەڵگا، بانگهێشت کراوین بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگا جیاوازانەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ خەمدا بکەین، چۆن گوێ لە کەسانی تر بگرین و چۆن یەکتر ببینین لە ساتە خەمگینەکاندا.

پێشانگای (ون. بوون) ناوەکەی لەو نادڵنیاییەوە وەرگرتووە کە لە هەموو لایەنەکانی ئەزموونی فرەڕەهەندی لەدەستداندا هەستی پێدەکرێت. تاکەکەس ون دەبێت کاتێک لە خێزان و ماڵەکەی جیا دەبێتەوە، بەڵام ئەو خێزانانەش کە لە نەبوونیاندا ئازار دەچێژن هەر ون دەبن. ئەمە تەنها بۆ ئەوانە نییە کە دیار نەماون بەڵکو بۆ ئەوانەش کە شوێنیان گۆڕیوە و هەست بە نامۆیی دەکەن لە ژینگە نوێیەکەیاندا. لە ناوچەیەکدا کە بە جەنگ و دەرئەنجامەکانی بریندار بووە، ژیان لەسەر سنووری نێوان ونبوون و دۆزینەوە بەسەر دەبرێت.

ئەم پێشانگایە بانگهێشتمان دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو هەستانەی کە کاتێک ڕووبەڕووی لەدەستدان دەبینەوە سەرهەڵدەدەن، بۆ تێڕامان لەو شێوازانەی کە دەبینین و گوێ دەگرین، و بۆ یەکگرتن لە یادەوەری و چاکبوونەوەی هاوبەشدا.

شەماڵ حیسامەدین

شەماڵ حیسامەدین لە ساڵی ١٩٨٤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە دایک بووە. ئەو وێنەگرێکی بە ئەزموونە کە تەرکیز دەکاتە سەر تۆمارکردنی ڕووداوە کولتووری و ڕۆژنامەوانییەکانی ناوچەکەی. خوێندکاری ماستەرە لە فەلسەفەی هونەر لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی. بۆ ماوەی ١٥ ساڵە سەرقاڵی وێنەگرتنە و جەختی کردووەتە سەر تۆمارکردنی ڕووداوە کولتووری و ڕۆژنامەوانییەکانی ناوچەکەی. لە ماوەی کارکردنیدا، بەشداری لە چەندین پێشانگای سەربەخۆ و هاوبەشدا کردووە، بەتایبەت پێشانگا تاکەکەسییەکەی “ژووری چاوەڕوانی” لە وارسۆی پۆڵەندا و لایپزیگی ئەڵمانیا. دوو جار بەشداری لە ئەکادیمیای VII لە فەرەنسا کردووە، کە دامەزراوەیەکی ئەکادیمییە تایبەتمەندە لە وێنەگرتنی دۆکیومێنتاری. پڕۆژەکەی “پاشماوەکانی جەنگ وەک ئامرازێکی زیندوو” خەڵاتی شاڵی زێڕینی پێ بەخشرا. لە ساڵی ٢٠٢٣، وێنەیەک لە زنجیرەی “پاڵەوانێک بۆ مافەکانی ژنان” وەک وێنەی ساڵ لەلایەن ئاژانسی وێنەگرتنی مێترۆگرافییەوە هەڵبژێردرا. چیرۆکە ڕووماڵکراوەکانی تری لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی  KCAC و دامەزراوەی Vim بڵاوکراونەتەوە.

شەماڵ وەک وێنەگرێک ئەرکی خۆی دەزانێت کە ڕووداوە ناوخۆییەکان لە ئاستی جیهانیدا هاوبەش بکات بۆ ئەوەی ڕوانگەی تایبەت بداتە ڕای گشتی. مێژوو، کێشە سیاسییەکان و جەنگەکان، لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، کاریگەری درێژخایەنیان بەجێهێشتووە کە پێویستە بە پەلە چارەسەر بکرێن. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە لە توانایدایە ڕووماڵیان بکات و هاوبەشیان بکات.

هەردی کوردە

هەردی کوردە هونەرمەندی دەنگ، توێژەر، پێشکەشکار و دامەزرێنەری گەلەری دەنگی SPACE21 و ئەرشیڤ خانەیە. لە شوباتی ٢٠٢٥ دکتۆرای لە زانکۆی گۆڵدسمیسی لەندەن لەسەر بابەتی “گوێگرتن لە کاتی قەیراندا” تەواو کردووە. ئەو شەپۆلی ڕادیۆیی بەکاردەهێنێت بۆ کەشفکردنی ئەو دەنگانەی و تەشویشانەی کە دەکرێت بە نایاسایی یان وازلێهێنراو دابنرێن. ئەو دەنگەکان بە قووڵی لەگەڵ بینەران دەبەستێتەوە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گوێگرتنی بەپەلە لەسەر بنەمای ئەزموونی گوێگرتنی خۆی کاتێک بە شێوەیەکی نایاسایی چووە ئەوروپا. ئەو یەکێکە لە ئاوازدانەرە هەڵبژێردراوەکانی (PRS New Music Biennale)ی ٢٠٢٥، فێستیڤاڵێک کە لە سەرانسەری بەریتانیادا بەڕێوە دەچێت.

کارەکانی هەردی سەرنجی فێستیڤاڵ و شوێنەکانی لە سەرانسەری ئەوروپا، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ئەفریقا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاکێشاوە. چەندین نیشتەجێبوونی هونەری و گرانتی وەرگرتووە لەوانە گرانتی داهێنەرانەی ئەنجومەنی هونەری ئینگلتەرا (٢٠٢٤)، گرانتی هونەری سوێدی (گەشتی ئەمریکا ٢٠٢٥)، و Beyond1932 کۆلێژی کینگز (لەندەن ٢٠٢٤). هەردی سندوقی عەرەبی بۆ هونەر و کولتوور (AFAC) و بەریتانی کاونسڵی وەرگرتووە بۆ پڕۆژەی ئەرشیڤی دەنگی بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی کوینز لە بێلفاست (٢٠٢٢). ئەو ئەندامی کۆمەڵەی ئاوازدانەرانی سوێدی و یەکێتی مۆسیقارانی بەریتانیایە. کارەکانی لەلایەن ڕێکخراوی مۆسیقای سوێدییەوە (STIM) بڵاو دەکرێنەوە.

لە پاڵ کاری هونەریدا، بڕوانامەی کارسازی کولتووری هاوبەشی لە زانکۆی مۆندراگۆن لە بیلباو (٢٠٢٤) هەیە و وەک دادوەر لە ئەنجومەنی هونەری سوێد (٢٠١٤-٢٠١٧) خزمەتی کردووە.

بەپێی گرانتی کولتووری گۆتنبێرگی سوێد، “هەردی پردی نێوان نەریتە مۆسیقییە جیاوازەکان دروست دەکات بە دانانی ئاوازی پابەندی کۆمەڵایەتی کە ئەلیکترۆ-ئەکۆستیک و مۆسیقای چامبەر تێکەڵ دەکات، کە ڕیپێرتواری کلاسیکی بۆ سەردەمەکەمان دەوڵەمەند دەکات.”

وتەی ناوەندی کوردستان 
بۆ هونەر و کولتوور (KCAC)

وەک ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور (KCAC)، شانازی دەکەین بە ڕاگەیاندنی پێشانگای (ون. بوون)، پێشانگایەک کە چیرۆکی خەڵکی ئاوارە و کردەوەکانی لەدەستدان دەخاتە ڕوو، وەک لە ڕێگەی وێنەکانی شەماڵ حیسامەدین و دامەزراوەی دەنگیی هەستبزوێنی هەردی کوردەوە تۆمار کراون، هەموویان لە ڕێگەی دیدی پێشکەشکارەکان نیگا سەلام و ئاننا زامێکا پێکەوە کۆکراونەتەوە.

لە کاتی گەشەکردن و بەردەوامیدا، لە دۆخێکی هاوبەشدا تێڕادەمێنین لەوەی چۆن هەڵدەبژێرین یاد بکەینەوە و چی دەتوانین بە کۆمەڵ تێپەڕێنین بۆ هێنانی ئاسوودەیی و گەڕانەوەی ئارامی. ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور (KCAC) یادەوەرییە هاوبەشەکانی گەلەکەمان و کاریگەرییە بەکۆمەڵەکەی لە ناوەندی کارەکانماندا هەڵدەگرێت. گرنگترین شت بۆ ئێمە دڵنیابوونە لەوەی کە ئەو چیرۆکانەی لەلایەن داهێنەرانی کوردستانەوە دەگێڕدرێنەوە بە شێوەیەکی ڕەسەن هاوبەش بکرێن، بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگای خۆماندا، پردی کەلێنەکانی دەربڕین دروست دەکەن.

بە پێشانگای کردنەوەمان، پرتەقاڵی شین، هونەری دیجیتاڵمان هێنایە ناو بینایەکی مێژوویی لە دڵی ئاکرێ، لە سێبەری ئەو شاخانەی کە چەندین نەوەی هونەرمەندانی کوردیان ئیلهام پێ بەخشیوە. لە ماوەی مانگێکی بەردەوامدا، پێشانگاکە نزیکەی ١٠,٠٠٠ سەردانکەری بەخۆیەوە بینی، دەستگەیشتن بە هونەری هاوچەرخی فراوانتر کرد و بینەری نوێی بەشداری پێ کرد.

ڕانیە، کە بە ڕۆڵی گرنگی لە ڕاپەڕینەکانی ١٩٩١ی کوردستان ناسراوە، میراتی بەرخۆدان، خۆڕاگری و یادەوەری هەڵگرتووە.

ڕانیە، کە بە ڕۆڵی گرنگی لە ڕاپەڕینەکانی ١٩٩١ی کوردستان ناسراوە، میراتی بەرخۆدان، خۆڕاگری و یادەوەری هەڵگرتووە. ئێمە پابەند دەمێنینەوە بە هێنانی هونەر بۆ ئەو ناوچانەی کوردستان کە هونەرەکەیان لێوە هەڵقوڵاوە – وەک KCAC، دووپاتی دەکەینەوە کە هونەر تەنها بۆ نمایشکردن نییە لە شارە گەورەکان، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و وروژاندنی گفتوگۆی نوێ لە ناوچە کەم خزمەتکراوەکان.

هەڵبژاردنی پارکی گشتی ڕانیە وەک شوێنی پێشانگاکە بە مەبەستە. ئێمە دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم چیرۆکانە نابێت لە گۆشەگیریدا بن، بەڵکو لە شوێنە گشتییە هاوبەشەکانماندا دەبن کە لەوێ دەکرێت دانیان پێدا بنرێت، گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و پێکەوە چارەسەر بکرێن. کاتێک بە پێشانگاکەدا دەڕۆن، هانتان دەدەین کات تەرخان بکەن نەک تەنها بۆ سەیرکردن بەڵکو بۆ تێڕامان لە ئەزموونەکانی خۆتان و کۆمەڵگاکەتان.

لە پێشکەشکردنی ئەم پێشانگایەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە کرداری شایەتی – بۆ لەدەستدان، بۆ نەبوون، بۆ گەڕانی بەردەوام بەدوای خۆشەویستان و لە هەموویان گرنگتر بۆ هیوا – خۆی کردارێکی خۆڕاگرییە. بانگهێشتتان دەکەین پەیوەندییەکانتان بەهێز بکەن و چیرۆکەکانتان هاوبەش بکەن لە ڕێگای پێشانگای (ون. بوون)ەوە.

ئامادە کردن لە لایەن

ڕێکخراوی کوردستان بۆ هونەر و کلتور

هونەرمەندان

شەماڵ حیسامەدین
هەردی کوردە

ڕێکخەر

نیگا سەلام

هاوڕێکخەر

ئانا زامێتسکا

هاوبەشی پرۆژە

قونسوڵخانەی کۆماری پۆڵەندا لە هەولێر

دیزاینی گرافیک

یا خەدیجە

جێبەجێکاری تەکنیکی

سەباح ئەحمەد

سەرجەم مافەکانی ئەم بەرهەمە پارێزراوە.